د. هونەر امین شارەزا لەتاوانی جینۆساید تاوانی ئەنفال یەکێک لەو تاوانانەی مرۆڤی کورد تێیدا قوبانیەو مرۆڤەکانی سەرگۆی زەوی لەئاستیدا شەرمەزارن ، کاتی باسکردن لەم تاوانە بێکۆتا بەهانەیان هەیە کە پشتگوێ بخرێت و نەکرێتە ئەو بابەتەی کە کورد لە پێناویدا تێدەکۆشێت کە ئەویش پرسی بەنەتەوەیی کردن و پاشان بە نێودەوڵەتی کردنی ئەم تاوانەیە بە شێوەیەکی فەرمی. ئەگەرچی کاتێکی زۆر بەسەر ئەنفالدا تێپەریوە و هەنگاوەکانی بەیاسایی کردنی بەوەستاوی دەبینرێت ، بەڵام خەسڵەتی ئەم جۆرەتاوانانە بەجۆرێکە کەهەرگیز نابێت لەکارکردن لەسەریان بوەستین ئەگەرچی بەربەستەکان لەبەردەم ئەم نەتەوەیەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەوەندەگەورەبن تووشی نائومێدیمان بکات بەڵکو لەپێناو تێکشکاندنی تەواوی ئەوبەربەستانەدا دەبێت ئەوەی کەزۆر گرنگەو ئەرکی سەرشانی هەرکوردێکی بەوەفاو دڵسۆزە بۆ خاک و گەل و بەرزهێشتنەوەی یادی ئەو شەهیدانەی کە بوونەتە قوربانی لەو پێناوەدا ئەرکی بە نەتەوەیی کردنی تاوانی ئەنفالە . کاری یاسایی لەسەر هەرتاوانێک ئاسان نابێت ئەگەر تەنها لە روانگەی سۆزوبەزەیی هاتنەوە بەکەسانی تاوان لێکراو لەلایەن نەتەوەکەی خۆیانەوە سەیربکرێن یان چاوەروانی سۆزو بەزەیی وڵاتانی دنیابین کە ئاخۆ دەبێت کەی بەرژەوەندیەکانیان وا بخوازێت هەست و سۆزیان بجوڵێت ، بەڵکو دەبێت پێشتر ئێمە ووردتر لەروانگەی یاساوە بیرو بۆچوونەکانی ئەوانمان خوێندبێتەوە و لێی تێگەشتبین ، بۆیە لێرەدا بەپیویستی دەزانم تیشکێک بخەمەسەرتێگەشتنی ئەوان لە رووی یاساییەوە بۆ ئەم جۆرە تاوانانە تا ئێمەش بزانیین کە دەتوانین چۆن هەنگاوەکانمان بگرینە بەر و لە چ روانگەیەکەوە هێزی بەردەوام ببەخشین بەنەتەوەکەمان بۆ بەزیندوویی هێشتنەوەی ئەم پرسە گەورەیە لەبەرامبەر خۆمان و لەبەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ، ئەگەر ئێمە بروانینە ئەو رێکەوتن نامەیەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٤٨ دا لە سەر جینۆساید دەریکردووە لە ژێرناوی رێگەگرتن لە تاوانی جینۆسایدو سزادانی ئەنجامدەرانی لەیەکێک لە مادەکانی ئەو رێکەوتنامەیەدا ئاماژەبەوە دەکات کە تاوانی جینۆساید بە پێی تێپەربوونی کات بەسەرناچێت ، ئەمەش بۆ ئێمە وەک نەتەوەی کورد گەلێک ئاماژەی گرنگی تێدایە کە پێویستە تێیان بگەین ، ئەوانیش بەجۆرێکن کە پێمان دەڵێن ئەو نەتەوەیەی کە تاوانەکەی بەرامبەرکراوە دەبێت هوشیار بێت و تێبگات لەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رێگای دەزگا باوەرپێکراوە نێودەولتیەکانیەوە هەروا بەسانایی بریار لەسەر بەجینۆساید ناساندنی تاوانێک نادات ئەگەر حسابات بۆ تەواوی لێکەوتەکانی نەکەن چونکە هەربریارێکی نێودەوڵەتی لەسەر بەجێنۆساید ناساندنی هەرتاوانێک گۆرانکاری ریشەیی لە تەواوی کێشەکانی ئەو نەتەوەیەدا روودەدات بەتایبەتی لێکەوتەی سەربەخۆیی ، بەڵام روونتر لەمانە ئەوەی گرنگ بێت کە ئێمە تێی بگەین لە روانگە یاساییەکەیەوە ئەوەیە کە ژمارەیەک بەربەستی زۆر بەهێز لەسە ئاستی نێودەڵەتی هەیە وادەکات کورد نەتوانێت لە کاتێکی دیاریکراودا ئەم تاوانە بەنێودەوڵەتی بکات بەڵکو دەبێت تەواوی تواناکان لەسەر ئاستی ناوخۆ بەردەوام بێت بۆ بەنەتەوەیی کردنی و هێشتنەوەی بەزیندوویی و بەبەردەوامی لە بیری نەتەوەی کورد دا بۆ ئەوەی بەتێپەربوونی کات بتوانیین برۆین لەگەڵ هەڵگرتن و کۆکردنەوە و تێگەشتنی زیاتر لەم یاسایە لەرووی یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە تا هەرساتێک کەدادگایەکی نێودەولەتی پێکهێنرا بۆ ئەم تاوانانە بابەتێکی نامۆ نەبێت بە نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتوو. بۆ ئەمەش پێویستمان بە توانای تاک بەتاکی نەتەوەی کوردە بەتایبەتی ئەوکەسانەی کە بەهەر رێگایەک بێت دەتوانرێت سودێکیان لیببینرێت ، لێرەوە دەبێت ئەوەمان بیربێت کە ئەوکەسانەی دەنووسن لەبواری ئەوتاوانەنەی بەرامبەر کوردکراوە بەتایبەتی تاوانی ئەنفال ، جا ئەگەر نووسینەکە توێژینەوەیەکی زانستی بێت بۆ هەرئاستێکی خوێندنی باڵا وەیان هەرجۆرەنوسینێکی تر ئەگەر بەتەنها یەک دێڕیش بێت سەرجەم ئەوتوانایانە کۆبکرێتەوە لە لەژێر چاودێری سەنتەرێک یان ناوەندێکی بەهێزدا تەواوی ئەوبابەتانەی لەسەر ئەوتاوانانە دەنوسرێت پێیدا تێپەرێت بۆ ئاگادار بوون لەسەر چاککردنی تەواوی ئەوهەڵەو کەم و کوریانەی لەسەر ئەم تاوانانە دەنوسرێن و لەهەمان کاتیشدا ئاگادار بوون لە تەواوی ئەوتوانایانەی کەهەیە و چۆنیەتی سود لێبینینیان چونکە ئەمانە لەهەر ئاستێکدان گەورەترین سەرمایەن بۆ ئەو نەتەوەیەو پێکەوە دەتوانن سود لەتواناکانی یەکتر وەربگرن و هەنگاوی گشتگیربنێن تا دەبێتە باشترین رێگایەک بۆ بەنەتەوەیی کردنی ئەم تاوانە و هەرکاتیش گەشتینە ئەم ئامانجە ترسێکی نەتەوەییمان نامێنێت بۆ بەفەرمی ناسینی ئەم تاوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڵکو ئەو توانایە هەر رۆژێک بێت دەتوانیت لەبەرامبەر دادگایەکدا کاریگەری خۆی ببینێت و تەواوی ئەوهەوڵ و کۆششانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراوە بەرهەمەکەی ببینرێت . |