هەنگاوێکى گرنگ و مێژووى سەنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدى زانکۆمان...

posted Nov 6, 2019, 10:54 AM by Karwan Ahmad Abdulrahman


 پاش هەوڵ و بەدواداچوونێکى زۆر و کۆکردنەوەى داتاو دۆزینەوەى کەسەکان و چاوپێکەوتنیان  ، سەنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدو تاوانەکانى ئەنفالى زانکۆى چەرموو، بەهاوبەشى ناوەندێکى دیکۆمینتارى پرۆفیشناڵ، رێکەوتنێکى یاساییان واژوو کرد بۆ کارکردن لەسەر کەیسێکى گرنگى جینۆسایدى نەتەوەکەمان.


 ئەمرۆ ٢٠١٩/١١/٦ سەنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدى  زانکۆى چەرموو بە هاوبەشى ناوەندى پرۆفیشناڵ ( پرۆدیکشن هاوس) ى سەر بە تۆرى میدیایى (روداوو) دواقۆناغى فلیمى دیکۆمێنتارى کەیسى جینۆسایدى چەمى (زەگنەى) بەجێگەیاند لەرووى کارى هونەریەوە، بۆئەمەش چەندین کارى گرنگ و پرۆفیشناڵ لەسەر گێرانەوەى تاوانەکە ئەنجامدرا، بۆ تەواو کردنى تەواوى فلیمە دیکۆمێنتاریە هاوبەشەکەى  نێوان زانکۆى چەرموو و تۆرى میدیایى ( روداو) کە ماوەى چەندین مانگە بەوردى کارى زانستى و هونەرى لەسەر دەکرێت.

  لەوبارەیەەوە (د. تەلار سالار ئەحمەد) رایگەیاند:. ئامانج لە بەرهەم هێنانى ئەم فلیمەو کارکردنى بەردەوامى تیمەکانى سەنتەرەکەمان و بەفەرمانى زانکۆى چەرموو، بۆ زیاتر ناساندنى تاوانى ئەنفال و جینۆسایدە بە نێودەوڵەتى لە رووى زانستى و هونەریەوە واتە بەشێوەیەکى ئەکادیمى، بۆ ئەمەش لەگەل تۆرى میدیاى (روداو) گرێبەستێکى هاوبەشى کارکردنمان واژوو کرد بۆ کارکردن لەسەر روداوو تاوانى جینۆسایدى چەمى (زەگنە) کە بۆ یەکەمین جارە کارى لەسەر دەکرێت ئەمەش بۆ ئێمە جێى شانازییە توانیومانە بەدوایى سەرجەم تاوانەکانى ئەنفالى نەتەوەکەمان بگەرێین و کارى زانستى و یاسایى و هونەرى لەسەر بکەین و بەلینمان داوەو بەردەوام دەبین لەسەر ناساندنى تاوانى ئەنفال بە جینۆساید لەسەر ئاستى نێودەولەتى.

شایەنى باسە جینۆسادى  چەمى (زەگنە) لە ١٩٨٧/٩/١٣ لەسنورى گوندەکانى خالۆبازیانى رویداوەو بەشێک لەدانیشتوانى زیاتر لە (١٢) گوند جینۆساید کراون، لەوانە نزیکەى(٤٠) پیاو پاش دەستگیر کردیان گولە باران دەکرێن و (١٠) ژن و دوو منداڵ بۆ ماوەى (١) یەک ساڵ لە (سەماوە) زیندانى دەکرێن و (١٩) مندال بۆماوەى نزیکەى (١) یەک مانگ لەکەرکوک زیندانى دەکرێن و دواتر ئازاد دەکرێن.

سەنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدو تاوانەکانى ئەنفالى زانکۆى چەرموو وەک هەستکردن بە ئەرکى نەتەوەیى و مرۆفى و زانستى خۆى بریاریداوە بەجدى و وردى کار لەسەر ئەم کەیسەو سەرجەم تاوانەکانى ترى ئەنفال بکات لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانى کوردستان، بۆ ئەمەش جینۆسایدى چەمى (زەگنە) ى وەک تێستى ئەنفالکردنى گەلى کورد لەلایەن حکومەتى بەعسى لەناوچووى عێراق لێکداوەتەوە.



Comments